لە ئێستادا حکومەتی کەنەدا ڕێژەی وەرگرتنی قوتابیانی بیانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم کردۆتەوە. جگە لەوەی کە ڤیزای خوێندن لە ئێستادا زۆر کەمە، وڵاتی کەنەدا دەیەوێت ئەو قوتابیانەی لە وڵاتانی جیهانەوە ڕوو دەکەنە وڵاتی کەنەدا تەنها ئەو بەشانە بخوێنن کە حکومەت دیاری کردوون چونکە دەستی کار لەم بەشانە لە کەنەدا زۆر کەمە و بە بەردەوامی کەلێنێکی گەورە دەبینرێت لە نێوان هەلی کار و دۆزینەوەی کارمەندی لێهاتوو.
تەنها ئەم بەشانە بخوێنە ئەگەر پلانی خوێندنت هەیە لە وڵاتی کەنەدا بۆ ساڵی ٢٠٢٥
ئەگەر دەتەوێت بخوێنیت و پرۆگرامێکی گونجاو هەڵبژێریت کە ڕێگات پێ بدات دوای خوێندن کار بکەیت و بمێنیتەوە بە شێوەیەکی یاسایی، لەم لینکەوە ناوی ئەو بەشانە نووسراوە کە . .حکومەتی کەنەدا دیاری کردوون لە بەشی خوارەوەی ئەم لینکە پرۆگرامەکان دیاری کراون
تاقیکردنەوەی ئایڵس ئەکادیمیک ئەنجام بدە
بۆ کەمترین تێچووی پرۆسەی خوێندن لە کەنەدا، باشترە تاقیکردنەوەی ئایڵس ئەکادیمیک لە وڵاتەکەی خۆت ئەنجام بدەیت ئینجا فۆڕمی خوێندن پێشکەش بکەیت لە کۆلێژو زانکۆکان. ئەگەر دەتەوێت کۆرسی زمانی ئینگلیزی وەربگریت پێش دەستپێکردنی خوێندنەکەت لە کەنەدا ئەوا ئاگاداری ئەم چەند زانیارییەی خوارەوە بە:
یەکەم: سەرەتا تاقیکردنەوەیەکی ئۆنلاین ئەنجام دەدەیت لە لایەن کۆلێژەکە بۆ دیاری کردنی ئاستی زمانی ئینگلیزیت.
دووەم: دوای دیاریکردنی ئاستی زمان، کۆلێژەکە کۆرسی زمانت بۆ دیاری دەکات کە بە گشتی دوو مانگ یان زیاتر دەخایەنێت
سێیەم: لە کۆتایی کۆرسەکەت دیسان تاقیکردنەوەیەکی تر ئەنجام دەدەیت بۆ ئەوەی بزانن کە ئاستەکەت بەرزبۆتەوە یاخود نا، ئەگەر نمرەی پێویست بە دەست نەهێنیت ئەوا کۆرسەکەت بە هەمان ئاست دووبارە دەکەیتەوە
چوارەم: لە کاتی خوێندنی کۆرسی زمانی ئینگلیزی، ناتوانیت کار بکەیت لە هیچ شوێنێک بۆیە هەموو تێچووی خوێندن، ژیان، هاتووچۆ، شوێنی مانەوە لەسەر خۆتە
پێنجەم: تێچووی کۆرسێکی زمانی دوو مانگی لە ٣٠٠٠ دۆلاری کەنەدییەوە دەست پێ دەکات.
بەڵگەنامەکان و داواکارییەکان پێش وەختە ئامادە بکە
پێش پێشکەش کردنی خوێندن بۆ کۆلێژ و زانکۆکان لە وڵاتی کەنەدا، هەموو بەڵگەنامە و داواکارییەکان پێش وەختە ئامادە بکە لەوانە:
هەژماری بانک : زۆر گرنگە حسابەکەت پارەی پێویستی تیابێت لە کاتی پێشکەش کردنی ڤیزای خوێندن، دەبێت تەمەنی هەژمارەکەت لە شەش مانگ کەمتر نەبێت. بە پێی یاساکانی حکومەتی کەنەدا، پارەی پێویست لە هەژمارەکەت نابێت لە ٢٥ ٠٠٠ هەزار دۆلاری کەنەدی کەمتر بێت.
پشت ڕاستکردنەوەی بڕوانامەکانت لە وەزارەتی ناوخۆ و خوێندنی باڵا: کۆپیەک لە بڕوانامەی شەشی ئامادەیی یاخود زانکۆ کە پشتڕاستکردنەوەی تەواوی بۆ کرابێت
نوێکردنەوەی پاسپۆرتەکەت: ئەگەر پاسپۆرتەکەت لە ماوەیەکی نزیکی ساڵێک یان دوو ساڵ بەسەر دەچێت ئەوا دەبێت تازەی بکەیتەوە یاخود چاوەڕێ بکەیت تا ماوەکەی تەواو دەبێت چونکە لە زۆربەی حاڵەتەکان دەبێتە هۆی ڕەفزی ڤیزاکەت
پشتگیری کار: بۆ ئەو کەسانەی ئەزموونی کاریان هەیە، دەبێت پشتگیری کار ئامادە بکەن بە زمانی ئینگلیزی، ئەم پشگیریە داواکراو نیە لە دەرچوانی پۆلی شەشی ئامادەیی
تاقیکردنەوەی ئایڵس: دەبێت نمرەی تاقیکردنەوەی ئایڵس ئەکادیمیک لە ٦.٥ کەمتر نەبێت بۆ هەر بەشێک
هۆکاری گەڕانەوەت بۆ وڵاتەکەی خۆت بسەلمێنە
هەرچەندە ڤیزای خوێندن واتا مانەوە لەو وڵاتە بۆ ماوەی دوو یان سێ ساڵ، گرنگە هۆکاری گەڕانەوەت بسەلمێنیت دوای تەواو بوونی خوێندنەکەت بۆ بەرزکردنەوەی چانسی وەرگیرانت. لەو هۆکارانەی کە دەتوانیت بەکاریان بێنیت و ئامادەیان بکەیت بریتین لە ئامادەکردنی بڕوانامەی هاوسەرگیری ئەگەر خێزانداریت ، ئامادەکردنی ناسنامەی خێزان و منداڵەکانت کە بیسەلـمێنیت تۆ دەگەڕێیتەوە وڵاتەکەی خۆت، تاپۆی هەر مولکێک یان بزنسێک کە هەتە وەرگێڕانی یاسایی بۆ کرابێتە سەر زمانی ئینگلیزی یاخود هەر هۆکارێکی تر کە بتبەستێتەوە بە وڵاتەکەی خۆت. ئەم بەڵگەنامانە دەتوانیت لە نامەیەکی پشتگیری ئامادەیان بکەیت بە زمانی ئینگلیزی.
ئەو کۆلێژانە هەڵبژێرە کە قەڵەباڵغ نین
هەرێمەکانی وەک ساسکاچوان، نۆڤا سکۆشیا، پرینست ئێدوارد ئایلاند، نیوبرینسویک لە هەرێمەکانی تر کەمتر قوتابی بیانی ڕوویان تێدەکات لەبەر کەمی دانیشتوان ، ساردی کەش و هەواو کەمی هەلی کار، بەڵام دەکرێت چانسێکی باش بن بۆ ڤیزای خوێندن چونکە ڕێژەی وەرگرتنی ڤیزای خوێندن بەسەر هەرێمەکان بە یەکسانی دابەش نابن و ژمارەی دانیشتوانی ئەو شوێنە لەبەر چاو دەگیرێت.